ئایا ئەنفال ئەتوانرا پێشبینی بکرێ؟

توانای پێشبینی کردنی کارو کاردانەوەکانی دوژمن، یەکێکە لە بنەماکانی زامنکردنی بەردەوامبوون و سەرکەوتن لە رووبەرووبوونەوەی دیپلۆماسی و چەکداریدا. ئەو لایەنەی کە زیاتر دیراسەی کەسایەتی و کارو چالاکیی ئێستا و رابوردووی لایەنەکەی تری کردبێ و لە چۆنێتیی رەفتاری تێگەیشتبێ، بەشێوەیەکی باشتر ئەتوانێ پێشبینی ئەوە بکات کە ئەو لایەنە لە هەلومەرجێکی دیاریکراودا چ کاردانەوەیەک نیشان ئەدات یا چ هەنگاوێک دەنێ. ئەو لایەنەش کە تەرەفی بەرامبەری وەک پێویست ناناسێ و شارەزاییەکی ئەوتۆی نیە لە پێشبینی کردنی داهاتوودا و دووربینی و دور ئەندێشی پێویستی نیە، ئەوا زۆربەی کات ئەکەوێـتە بەر هەنگاوی پڕ موفاجەئەی لایەنەکەی بەرامبەری و پەشۆکان و شڵەژان زاڵ ئەبن بەسەر رەفتارەکانیدا و تای تەرازووی لەنگ دەکەن.

ئاسانترین لێکدانەوە بۆ کارەساتەکانی ئەنفال ئەوەیە بیگێرینەوە بۆ دڕندەیی رژێم. لەراستیدا ئەمە هەر لێکدانەوە نیە، بەڵکوو سادەترین باس کردنی رووداوەکەیە و هیچ کۆمەکێک بە تێگەیشتن و چارەسەرکردنی ناکات. ئەم کارە وەک ئەوە وایە بڵێن “خانووەکە دڵۆپەی کرد چونکە باران باری.”  بێگومان ئەگەر باران نەبارێ هیچ خانوویەک دڵۆپە ناکات، بەڵام بارانیش ببارێ مەرج نیە هەموو خانوویەک دڵۆپە بکات. کەس گومانی لەوە نیە رژێمی بەعس رژێمێکی دڕندە و شۆڤێنی  بووە و ویستوویەتی بە هەموو جۆریک گورزی کاریگەر لە کورد بوەشێنێ. بەڵام بەعس دوژمن بووە و لەگەڵ کورددا لە رووبەرووبووەنەوەیەکی چەکداریدا بووە و کورد ئەبێ زانیبێتی کە ئەم رژێمە دڕندەیە بەرامبەر هەموو چالاکییەکی پێشمەرگە، کاردانەوەیەکی دەبێ. لەراستیدا کورد ئەمەی بە تەجرەبە دیبوو. ئەم کاردانەوەیەی رژێم چ بەرامبەر تاک ( وەک کەسوکاری پێشمەرگە) و چ بەرامبەر گشتیش (وەک راگوێزانی ناوچەکان و بەعەرەب کردن و بۆردمانی گوندەکان) پێشتر چەندین جار دووبارە ببۆوە.

لێکدانەوەی ئەنفال وەک کارێکی دڕندانەی رژێم و تەنیا لە رووانگەی مەزڵووم و زاڵمەوە هیچ کۆمەک بەوە ناکات کورد بتوانێ لە داهاتوودا تووشی کارەساتێکی هاوشێوە نەبێتەوە. تێگەیشتنی بابەتیانەی ئەنفال بەوە دەبێت کە دیراسەی ئەوە بکرێ بۆچی کاردانەوەی رژێم لەو هەولومەرجەدا گەیشتە ئەوپەری درندەیی؟ بۆچی رژێم سەرەتای ساڵی 1988 بریاری دا ئەو گورزە کوشندەیە لە بزووتنەوەی چەکداریی کورد بوەشێنێ و رای بماڵێ؟ بۆچی بریاری دا بە شێوەیەکی بێ پێشینە دەست لە هاووڵاتیان نەپارێزی و کیمییایی بکات بە سەر دەیان هەزار دانیشتوواندا و دەیان هەزار هاووڵاتیش بێ سەرو شوێن بکات؟ گەڕان بەدوای هۆیەکانی ئەم کارەساتەدا تەنیا بەوە نابێ لە سروشتی دڕندانەی بەعسدا پاچەکۆڵەی بۆ بکەین چونکە ئەمە بەدیهیەو هیچ خۆماندووکرنی ناوێ. لەوە گرنگتر ئەوەیە لە رەفتاری بزوتنەوەی کوردا کنەی بۆ بکەین چونکە کەس گومانی لە سروشتی دڕندە و نیەت خراپیی بەعس نەبووە بەرامبەر بە کورد و بزوتنەوەی کوردیش ئەبێ لەهەموو کەس باشتر ئەمەی زانیبێ. باشتر وایە دیراسەی رەفتاری بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد بکرێ لە مانگ و ساڵانی پێش ئەنفالدا بۆ ئەوەی بزانرێ ئایا کورد پێش ئەوەی هەنگاوێک بنێ بۆ خەستکردنەوەی خەبات و چالاکی لە دژی دوژمن، هیچ تەسەورێکی هەبووە لە کاردانەوەی رژێم؟ ئایا بزوتنەوەی کوردی پێشبینی ئەوەی کردبوو ئەگەر ئەم هاوکاریی خۆی لەگەڵ وڵاتێکی بێگانەدا کە عێراق لەگەڵیدا لە شەڕدا بوو، بەگوڕ بخات، ئەمە چ کاریگەرییەکی لە رەفتاری رژێم دەبێ بەرامبەر بە کورد؟ ئایا ئەگەر خاکی کوردستان بکرێتە مەیدانی چالاکیی پاسدار و لەشکری بەدر و هێزە شیعەکانی تر، ئەمە تا چە رادەیەک سەددام تووڕە دەکات؟ ئایا ئەگەر پشتیوانی وڵاتێکی بێگانە بکرێ چاڵە نەوتەکانی قووڵایی بداتە بەر موشەک ئەمە چۆن سەددام کەللەیی دەکات؟ یا لە کاتێکدا کە ئەو لە بەرەکانی جەنگیدا لەگەڵ ئێران روو لە سەرکەوتن بوو و تازە شارۆچکەی فاوی لە چنگی دوژمن ئازاد کردبوو، ئەگەر کورد یارمەتی دوژمنەکەی بدات شارێکی تری لێ داگیر بکات، ئەمە چۆن سەددام شێت و هار دەکات؟

تەنانەت لە شەڕی دەستەو یەخەی دووکەسیشدا کاردانەوە بە حسابە. ئەگەر من بەردێک بگرمە ماڵی تۆ تۆ نام دەیتە بەر فیشەک ، بەڵام ئەگەر من دەسترێژت لێ بکەم تۆش رەنگە بمدیەتە بەر فیشەک و لەوانەشە ئەگەر هەتبێ ئاربیجیم پێوە بنێی. دوژمنایەتی کردنیش ئەبێ بە حساب بێ. ئەگەر بتەوێ ئامادەی گورزەکانی دوژمنێکی خوێنخۆری وەک بەعس بیت ئەوا کەمترین شت ئەوەیە ئەبێ بزانی بەرامبەر هەر رەفتارێکی (دوژمنانەی) تۆ، خەیارەکانی ئەو چین بۆ کاردانەوە؟  لەراستیدا گەورەبوونی کاردانەوەکانی بەعس لە ساڵانی پێش ئەنفالدا تەدریجی بووە. تەنانەت بۆردمانە کیمیاییەکانیش بە گازە سووکترەکان دەستی پێ کردووە و وردە وردە زیانبارتربووە.  رەنگە بەکارهێنانی چەکی کیمییای لە ساڵی 1987 دا پەیامێکی ئاگادارکردنەوە بووبێ بۆ کورد بۆ ئەوەی ئاگای لەخۆی بێ و سنووری خۆی بزانێ، بەڵام ئێمە لەم پەیامە تێ نەگەیشتین تا ئەوەی دەرسی کۆتاییمان وەرگرت و هەڵەبجە و هەموو کوردستانمان لێ کرا بە ئاگر.